سه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز پاش 22ی جۆزه‌ردانی 1388ی هه‌تاوی‌و له ته‌واوی یه‌كساڵی رابردوودا نیشانیان دا كه حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی‌یان له خراپترین حاڵه‌تی خۆیدا (خراپتر له دۆخی هه‌نووكه) له حكوومه‌تێك كه تێیدا ئایین له سیاسه‌ت جیا بێ، پێ باشتره‌و هه‌ر ئێستاش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران ئاوڕێكیان لـێ بده‌نه‌وه‌و به‌شێك له كاره‌كانیان پێ بسپێرن، ره‌خنه‌یه‌كیان لـێ نیه كه ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ ئه‌زموونی ئه‌و ساڵانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌وان جڵه‌وی كار‌وباریان به‌ده‌سته‌وه بوو‌و هیچ ره‌خنه‌یه‌كیان له‌م رێژیمه نه‌ده‌گرت. هه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه پێمان ده‌ڵێ كه ئه‌گه‌ر له ئینتساباتی ساڵی رابردوودا
هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان كه‌ڕووبی یان مووسه‌وی وه‌كوو سه‌ركۆمار داده‌نرابان، به‌وپه‌ڕی هێورییه‌وه ئه‌ركه ئایینییه‌كانی خۆیان هه‌روه‌ك كه‌سانی دیكه له حكوومه‌تی ئیمامی زه‌ماندا به‌ڕێوه ده‌برد‌و گه‌ر ده‌نگیشیان ده‌رهاتبا، ئه‌وا له ده‌ست ئازادیخوازه نێوخۆییه‌كانی به‌ستراوه به ئیستكباری جیهانییه‌وه! وه‌قسه ده‌هاتن‌و به‌م پێیه‌ش دنیا‌و قیامه‌تیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر ده‌كرد.
به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م رێكارگه‌له له لایه‌ن سه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز‌و هاوبیر‌وباوه‌ڕه‌كانیانه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی سروشتی‌یه‌و چاوه‌ڕوانیی زیاتر له‌وان جگه له ساكاربینی‌و خۆشخه‌یاڵی شتێكی دیكه نیه، چوونكه ئه‌وان له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كانیان كه پارێزگاریكردن له كۆماری ئیسلامی به هه‌ر نرخێكه، قورس‌و قایم راوه‌ستاون‌و له هه‌ر قۆناخێكدا سه‌ره‌ڕای هه‌ڵسوكه‌وتی نابرایانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانیش دیسان به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه له‌م بیر‌وباوه‌ڕانه‌یان به‌رگرییان كردووه‌و هێندێ جار به مه‌به‌ستی خۆڵ له چاوی خه‌ڵك كردن، هه‌م له ناڵ‌و هه‌م له بزماریان داوه‌و قسه‌یه‌كیان له ئازادی‌و به‌رابه‌ری (به لێكدانه‌وه‌ی ئیسلامی فوقاهه‌تییان) وه‌كوو قسه خۆشه‌خستۆته سه‌ر قسه‌كانی دیكه‌یان‌و له‌م نێوه‌شدا گرووپێك به‌ڕواڵه‌ت رووناكبیر كه له نه‌بوونی ئازادی‌و هه‌بوونی زوڵم‌و سته‌م ده‌رهه‌ق به ئازادیخوازان هاواریان له به‌رامبه‌ر رێژیم‌دا به‌رز بۆته‌وه، به شێوه‌یه‌كی ئاگایانه بۆ ئه‌م قسانه‌و كرده‌وه‌كانی ئه‌م به‌ڕێزانه چه‌پڵه‌یان لـێ داوه‌و به زۆر شێوه‌ی پێداهه‌ڵگوتن‌و هاندانی له راده‌به‌ده‌ر‌و به درۆ‌و خه‌ڵك خڵه‌تاندن، سه‌رانی ئیسلاحته‌ڵه‌بیان وه‌كوو لووتكه‌و سه‌رترۆپكی هه‌موو روانگه‌كان‌و ئازادیخوازی له قه‌ڵه‌م داوه تا به‌م شێوه باشتر بتوانن نێوه‌رۆك‌و چییه‌تیی باوه‌ڕه دواكه‌وتووانه‌كه‌یان كه له خاڵ به خاڵی وته‌كان‌و كرده‌وه‌كانی یه‌كساڵی رابردوویان شه‌پۆل ده‌دا، له‌به‌رچاو ون بكه‌ن‌و وێڕای ئه‌وان، ئاگایانه یان نائاگایانه له پاراستن‌و به‌هێزكردنی رێژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌شدار بن‌و هه‌ر ئه‌مه‌شه كاره‌ساته گه‌وره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگای هه‌نووكه‌مان.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌ر چاودێرێكی بێ‌لایه‌ن‌و وشیار، به خوێندنه‌وه‌ی وردی وته‌و كرده‌وه‌كانی سه‌رانی ئیسلاحته‌ڵه‌ب له ماوه‌ی یه‌كساڵی رابردوودا، زۆرجار له‌م راستییه تاڵه‌ی مێژووی ئه‌م یه‌كساڵه‌ی ئێران تێده‌گات. ئێمه له‌م وتاره‌دا قامك له‌سه‌ر چه‌ند نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م تراژیدییه داده‌نێین، به‌و هیوایه‌ی كه ئیزن نه‌درێ كۆمه‌ڵێك كه‌س به هه‌ر مه‌به‌ستێك بێ، كوێره‌ڕێ وه‌كوو رێگا بسه‌پێنن:
"ئێمه ده‌مانهه‌وێ یاسای بنه‌ڕه‌تی به ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێ، هه‌ڵبژاردنێكی سالم‌و ئازادمان هه‌بێ، چاپه‌مه‌نی‌و حیزبه‌كان ئازاد بن، خوێندكاران ئازاد بن‌و به‌گشتی كه‌سێك به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بڕیار نه‌دا"
وتووێژی كه‌ڕووبی له‌گه‌ڵ "روزێ‌نلاین"، 19ی جۆزه‌ردانی 1389
"حیزبه‌كان، كۆمه‌ڵه‌كان، ئه‌نجومه‌نه سیاسی‌و پیشه‌یی‌یه‌كان‌و ئه‌نجومه‌نه ئیسلامییه‌كان یان كه‌مایه‌تییه ئایینییه ناسراوه‌كان ئازادن، به‌و مه‌رجه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، ئازادی، یه‌كیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی، رێوشوێنه ئیسلامییه‌كان‌و بنه‌ماكانی كۆماری ئیسلامی پێشێل نه‌كه‌ن...".
یاسای بنه‌ڕه‌تی، ئه‌سڵی بیست‌و شه‌شه‌م
"بڵاوكراوه‌كان‌و چاپه‌مه‌نی ئازادن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه تێكده‌ری بنه‌ماكانی ئیسلام یان مافه گشتییه‌كان بن. شیكردنه‌وه‌كه‌ی له لایه‌ن یاساوه دیاری ده‌كرێ".
یاسای بنه‌ڕه‌تی، ئه‌سڵی بیست‌و چواره‌م
دیاریكردن‌و راڤه‌ی ئه‌وه‌ی كه كام حیزب، كۆمه‌ڵ‌و... مه‌رجه دیاریكراوه‌كانی ئه‌م مادده یاساییه‌ی هه‌یه یان نیه تا ئیزنی چالاكیی پێ بدرێ یان دابخرێ، هه‌روه‌ها دیاریكردن‌و راڤه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بابه‌تانه‌ی له بڵاوكراوه‌یه‌ك یان چاپه‌مه‌نییه‌كدا هاتوون، "تێكده‌ری بنه‌ماكانی ئیسلام یان مافه گشتییه‌كان"ن یان نا، تا ئیزنی بڵاوكردنه‌وه‌ی بدرێتێ یان دابخرێ، له ئه‌ستۆی شوورای نیگابانه.
"ده‌بێ هه‌موو یاسا‌و پڕنسیپه مه‌ده‌نی‌و جه‌زایی‌و ماڵی‌و ئابووری‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌و كولتووری‌و نیزامی‌و سیاسییه‌كان‌و بواره‌كانی دیكه‌ش به پێی رێوشوێنه ئیسلامییه‌كان بێ. ئه‌م ئه‌سڵه له‌سه‌ر خاڵه پێوه‌ندیداره‌كان یان هه‌مو ئه‌سڵه‌كانی یاسای بنه‌ڕه‌تی‌و یاسا‌و پڕنسیپه‌كانی دیكه جێبه‌جێ ده‌كرێ‌و دیاریكردنی ئه‌مه‌ش له ئه‌ستۆی فه‌قیهه‌كانی شوورای نیگابانه". یاسای بنه‌ڕه‌تی، ئه‌سڵی چواره‌م
شوورای نیگابان له‌م خاڵانه‌دا ـ ئازادیی حیزبه‌كان‌و چاپه‌مه‌نی ـ تا ئێستا ئه‌ركه یاساییه‌كه‌ی خۆی به‌ڕێوه بردووه. ئێستا ئه‌گه‌ر بارودۆخی چاپه‌مه‌نی‌و حیزبه‌كان له ئێران‌دا له لایه‌ن به‌ڕێز كه‌ڕووبی‌یه‌وه جێی په‌سنده، ده‌بێ سپاسی به‌ڕێوه‌بردنی یاسا بكات‌و لێی رازی بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێی ناڕازییه ـ كه له قسه‌كانی‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێ ـ به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ین كه به به‌ڕێوه‌بردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی ناكرێ چاوه‌ڕوانیی ئازادیی حیزب‌و چاپه‌مه‌نی یان هه‌ڵبژاردنی سالم‌و ئازادمان هه‌بێ. ئه‌وه‌ی له‌م پێوه‌ندییه‌دا زیاتر جێی باسه، ئه‌وه‌یه كه كه‌سێك كه ئه‌م یاسایه‌ی لا په‌سند بێ، چۆن‌و به پێی چ لێكدانه‌وه‌یه‌ك له چه‌مكی "سالم‌و ئازاد" ده‌توانێ ئیددیعا بكات كه به جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه، "هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌و سالم" به‌ڕێوه ده‌چێ؟
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماردا، ئه‌سڵی سه‌د‌وپانزده‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ده‌ڵێ كه "سه‌ركۆمار ده‌بێ له نێوان ئه‌و پیاوه مه‌زهه‌بی‌و سیاسییانه‌دا هه‌ڵبژێردرێ كه مه‌رجه‌كانی خواره‌وه‌ی تێدا بێ:
به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی، شارۆمه‌ندی ئێران، به‌ڕێوه‌به‌ر‌و "موده‌بر"، خاوه‌نی رابردووی باش‌و ئه‌مانه‌ت‌و ته‌قوا، موئمێن‌و باوه‌ڕمه‌ند به بنه‌ماكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و مه‌زهه‌بی فه‌رمیی وڵات".
شوورا نیگابانیش دیاریی ده‌كات كه چ كه‌سگه‌لێك ئه‌و مه‌رجانه‌یان تێدایه. ئه‌وه‌ی له‌م یاسایه‌دا كه‌وتووه‌ته‌وه بریتییه له‌و سه‌ركۆمارانه‌ی كه تا ئێستا هه‌بوون، له‌وانه‌ش ئه‌حمه‌دی‌نژاد.
جگه له كۆمه‌ڵێك دروشمی فریوده‌رانه‌ی ئه‌م گرووپه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئازادی، ئه‌گه‌ر له قسه‌كانیان له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا زیاتر‌و وردتر تێبفكرین، ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه جه‌وهه‌ری بیرۆكه‌كه‌یان له‌مه‌ڕ ئازادی‌و مافه‌كانی خه‌ڵك جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌نووكه‌ی رێژیم‌دا نیه‌و هه‌موویان هه‌ر یه‌كن، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه ئه‌وه‌یه كه له حكوومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات وه‌په‌راوێز خراون. بۆ تێگه‌یشتن له‌م راستییه، ئه‌وه‌نده به‌سه سه‌رنج بده‌نه ئه‌و چه‌ند نموونه‌ی خواره‌وه:
ـ "هه‌ر بزاوتێكی پێكهاته‌شكێنانه‌و دژه یاسا‌و وتنی ئه‌و قسانه‌ی له ئێمه نین، مه‌حكووم‌و ره‌تكراوه".
ـ "هۆشدار، نه‌كا تۆتالیتاره‌كان به‌ره‌و پێكهاته‌شكێنی پاڵتان پێوه نێن كه ئه‌مه خواستی دژبه‌ران‌و دوژمنانی حه‌ره‌كه‌ته ئاشتیخوازانه‌كه‌تانه".
"هۆشدار، نه‌كا مۆره نفووزییه‌كان‌و بێگانه‌كان دزه بكه‌نه نێو ریزه‌كانتان‌و به‌ها ئایینی‌و ئه‌خلاقی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانتان خه‌وشدار بكه‌ن".
خاته‌می له دیدار له‌گه‌ڵ شوورای ناوه‌ندیی كۆڕی نوێنه‌رانی خوله‌كانی پارلمان
ـ "سێكۆلاریزم له‌گه‌ڵ رێوشوێنه ئایینی‌و كولتوورییه‌كانمان ناگونجێ‌و مۆره‌كانی بێگانه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن سێكۆلاریزم له به‌رامبه‌ر حكوومه‌تی ئایینی‌دا له كۆمه‌ڵگادا په‌ره پێ بده‌ن."
خاته‌می له دیدار له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له ده‌ستبه‌سه‌ركراوان‌و زیندانییه سیاسییه‌كانی پاش هه‌ڵبژاردن
خاته‌می كه ده‌ستی له ده‌سه‌ڵات بڕاوه، له‌و بڕوایه‌دایه كه:
* وتنی ئه‌و قسانه‌ی له ئێمه نین، مه‌حكووم‌و ره‌تكراوه".
* ئه‌وانه‌ی دروشمی پێكهاته‌شكێنانه ده‌ده‌ن، مۆره‌ی نفووزیی بێگانه‌كانن.
* پێكهاته‌شكێنی خواستی دژبه‌ران‌و دوژمنانی حه‌ره‌كه‌تی ئاشتیخوازانه‌یه.
* ئه‌وانه‌ی باس له سێكۆلاریزم ده‌كه‌ن، مۆره‌ی بێگانه‌ن.
ئه‌م قسانه له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌كان‌و تۆمه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران به‌راورد بكه‌ن، بزانن چ جیاوازیگه‌لێكیان له نێوه‌رۆكدا هه‌یه؟ مه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران جگه له‌و باوه‌ڕانه‌یان، شتێكی دیكه به زاریاندا دێنن كه: ئه‌و قسانه‌ی له‌وانه‌وه نین، مه‌حكووم‌و ره‌تكراون‌و كه‌سانێك كه وه‌ك ئه‌وان بیر ناكه‌نه‌وه، مۆره‌ی نفووزیی بێگانه‌و دژبه‌ران‌و دوژمنانی ئه‌وانن‌و مه‌گه‌ر رۆژانه ئه‌م تۆمه‌تانه به‌سه‌ر جیابیران‌و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزدا نابارێنن؟
ئه‌و جیاوازییه‌ی كه له‌م پێوه‌ندییه‌دا به راشكاوی دیاره، ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتداران به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانه به دژی كه‌سانێك كه قسه‌ی ئه‌وان ناكه‌ن‌و مۆره‌ی نفووزیی بێگانه‌ن‌و دژبه‌ر‌و دوژمنی (به پێی راڤه‌ی ئه‌وان) ئه‌وانن! له زیندانه‌كانی ئێوین‌و كه‌هریزه‌ك‌و... كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام سه‌رانی ئیسلاحته‌ڵه‌بی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز جارێ ده‌ستیان به‌تاڵه‌و ئه‌م پاكانه حسێبكردنانه‌یان بۆ رۆژێك داناوه كه ده‌ستیان بگاته گۆشه‌یه‌ك له عه‌بای ئاغای خامنه‌یی‌و... .
له‌م نێوه‌دا كاتێك له به‌ڕێز كه‌ڕووبی ده‌بیستین كه "ملدان به خواستی میلله‌ت‌و به‌فه‌رمی‌ناسینی مافه‌كانیان ته‌نیا رێگه‌ی ده‌ربازبوون له قه‌یرانی هه‌نووكه‌یه" (كه‌ڕووبی، به‌یاننامه‌ی بانگهێشتكردنی خه‌ڵك بۆ به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كانی رۆژی 22ی رێبه‌ندانی 1388)و له‌گه‌ڵ قسه‌كانی ئه‌حمه‌دی‌نژاددا به‌راوردی ده‌كه‌ین كه دژبه‌رانی به خۆڵ‌وخاشاك ناو ده‌با، به ناچار ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه میلله‌ت له روانگه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه قسه‌كانیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌و خه‌ڵكی دیكه، مۆره‌ی نفووزی‌و دوژمن (بخوێننه‌وه خۆڵ‌وخاشاك)و هتدن. دیسانه‌كه‌ش جیاوازییه‌كه نه‌ك له قووڵایی بیرۆكه‌كانی ئه‌م دوو گرووپه‌دا ـ ده‌سه‌ڵاتداران‌و له ده‌سه‌ڵات دوورخراوه‌كان ـ به نیسبه‌ت به‌رهه‌ڵستكارانیان، به‌ڵكوو له دووری‌و نزیكییان به ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه.
دوایین نموونه‌یه‌ك كه له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌م، قسه‌كانی به‌ڕێز مووسه‌وییه كه له به‌یاننامه‌ی هه‌ژده‌هه‌می له ژێر ناوی "مه‌نشوورێك بۆ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز"دا بڵاو بووه‌ته‌وه:
"... هه‌ر تاكێكی ئێرانی كه په‌نابردنه‌به‌ر عه‌قڵانییه‌تی به‌كۆمه‌ڵی ته‌وحیدی وه‌كوو بنه‌مای تێكۆشانی بۆ پێكهێنانی دواڕۆژێكی باشتر بۆ نیشتمانه‌كه‌ی قه‌بووڵ بكات، وه‌كوو چالاكێكی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز دێته ئه‌ژمار".
یه‌كه‌م، چه‌مكی عه‌قڵانییه‌تی به‌كۆمه‌ڵی ته‌وحیدی، كۆمه‌ڵێك وشه‌ی پێكناكۆكی له‌خۆ گرتووه كه به هیچ شێویه‌ك یه‌ك ناگرنه‌وه، مه‌گه‌ر به‌ڕێز مووسه‌وی خۆی سه‌ری لـێ ده‌ربهێنێت!. دووهه‌م ناتوانین رسته‌یه‌ك له‌وه ئاشكراتر باس بكه‌ین كه له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه ـ هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌م گرووپه‌ن ـ ئه‌و ئێرانییانه‌ی كه په‌نابردنه‌به‌ر عه‌قڵانییه‌تی به‌كۆمه‌ڵی ته‌وحیدیی به‌ڕێز مووسه‌وییان وه‌كوو بنه‌مای تێكۆشانیان بۆ ... قبووڵ نیه، وه‌كوو چالاكی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ناژمێردرێن. وه‌ها راستگۆییه‌ك له ده‌ربڕینی به‌ڕێز مووسه‌ویدا شایانی رێزه، چوونكه زۆرێك له باوه‌ڕه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران له خۆ ده‌گرێ. به‌ڵام سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێی به‌ڕێز مووسه‌وی ئه‌م ده‌ربڕینه راشكاوانه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ جه‌ختكردنه‌وه‌و پێداگری له‌سه‌ر پاوانخوازیی فیكری‌و له دژی ئازادی‌و به‌رابه‌ریدا له‌بیر چۆته‌وه، چوونكه ته‌نیا چه‌ند رسته خوارتر ده‌نووسێ:
"پێشێلكردنی هه‌ر جۆره پاوانخوازییه‌كی فیكریی راگه‌یێنی‌و سیاسی ئه‌جێندای بزووته‌وه‌ی سه‌وزه" یان "به‌دیهێنانی ئازادی‌و به‌رابه‌ری، له ئامانجه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كانی شۆڕشی ئیسلامین كه بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌و ئامانجانه ده‌كاته‌وه."
به‌ڕێز مووسه‌وی له‌م رسته‌و چه‌مكه پێكدژ‌و پێكناكۆكانه‌دا، وێڕای ده‌ربڕینی باوه‌ڕه پاوانخوازانه‌و دژه ئازادی‌و به‌رابه‌رییه‌كانی خۆی، هه‌وڵ ده‌دا به خۆڵ له چاو خه‌ڵك كردن‌و له رێگه‌ی رسته‌كانی پاشتری، جه‌وهه‌ری بیرۆكه‌ی دواكه‌وتووانه‌و هاوچه‌شنی ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆی پووش به‌سه‌ر بكات، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه جگه له ده‌ستخۆشی‌و پێداهه‌ڵگوتنی هێندێك كه‌س له‌م "مه‌نشووره"! كه له لایه‌ن لایه‌نگرانی بیرۆكه‌ی به‌ڕێز مووسه‌وییه‌وه هاته ئاراوه، خه‌ڵك توانایی جیاكردنه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێری بنده‌ستیان له‌گه‌ڵ قورئانه‌كه‌ی سه‌رسینگیان هه‌یه.
...
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی سكرتێر
RSS
چاپ کردن/Print